فۆنتی کوردی دابه زێنه ژماره ی سه ردان به خێربێن بۆ ماڵپه ڕی شاره زوورپۆست میوانانی سه رهێڵ






موفتی پێنجوێنی

مه‌لا عه‌بدوڵڵای‌ توتنچی‌ ناسراو به‌موفتی پێنجوێنی ‌(ساڵی‌ ١٨٨١ له‌دایكبووه‌و ساڵی‌ ١٩٥٢ كۆچی‌ دوایی كردووه‌). مه‌لا عه‌بدوڵڵا شاعیرێكی كورد بوو، چه‌ندان چه‌پك هۆنراوه‌ی‌ نیشتمانپه‌روه‌ری‌‌و ڕێنمایی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌یه‌، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی‌ له‌پێنجوێن  هانی‌ خه‌ڵكیداوه‌ بۆ ناردنی‌ منداڵه‌كانیان بۆ فێرگه‌ به‌تایبه‌تی‌ كچان.

ئه‌م ده‌ستپێكه‌ له‌منداڵی‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ده‌ستێك په‌یداكاری‌‌و به‌خێوكاری‌ پیشانده‌داو به‌ده‌ستێكی‌ تر هه‌ڵمه‌تی‌ قه‌ڵه‌م‌و هه‌ڵگرتنی‌ چرای‌ ڕووناككه‌ره‌وه‌ی‌ بیری‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ به‌رزكردوه‌ته‌وه‌. موفتی‌ به‌یه‌كێك له‌ڕه‌چه‌ شكێنانی‌ ئه‌و بواره‌ قوڕاوی‌‌و تاریكانه‌بوو كه‌ هه‌نگاونانی‌ قه‌تیس‌و قه‌ده‌غه‌كردبوو. موفتی‌ پێشڕه‌وو پێشه‌نگی‌ بیره‌ نوێیه‌كانی‌ زانستی‌‌و په‌روه‌رده‌ی‌ هاوچه‌رخ‌و ڕامیاری‌ سه‌رده‌مه‌.

هۆنراوه‌كانی موفتی

سه‌رچاوه‌ مێژوویه‌كان له‌باره‌ی‌ موفتیه‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، موفتی‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هاوه‌ڵه‌ شاعیره‌كانی‌ پێش خۆیی‌و ته‌نانه‌ت سه‌رده‌می‌ خۆیشی‌، ڕووی‌ نه‌كردووه‌ته‌ خانه‌قاو مزگه‌وته‌كان، به‌ڵكو بانگه‌وازی‌ كردووه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو خانه‌واده‌كان به‌تایبه‌ت كچه‌كانیان بنێرنه‌ خوێندنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ فێری‌ نووسین‌و خوێندنه‌وه‌ ببن.

كه‌وای‌ په‌ستی‌‌و نه‌زانیم دڕی‌‌و یه‌ك ده‌فعه‌دام ماڵی‌
به‌لافاوی‌ خه‌یاڵاتم نه‌مامی‌ عیلم ئه‌ڕوێنم

كه‌سێك خاوه‌نی‌ ئه‌و هزرو بۆچوونه‌ شۆڕشگێڕییه‌ بێت‌و دروشمی‌ ڕوونی‌ پێشكه‌وتن‌و گوزه‌رانی‌ دروست هه‌ڵبگرێ‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌سته‌واژه‌ی‌ بێ‌ ڕاژه‌ی‌ چه‌واشه‌كاری‌ وه‌رناگرێ‌‌و خڵته‌ی‌ نه‌زانین‌و به‌رگی‌ هه‌ڵفریواندن فڕێده‌دات:

له‌پیری‌ كۆن‌و پاشكه‌وتووی‌ وه‌كو خۆم لازمه‌ لاده‌م
كوڕانی‌ پێگه‌یشتووی‌ مه‌كته‌بم ئه‌مجاره‌ ئه‌دوێنم

له‌م به‌یته‌دا زانایی موفتی‌ وه‌كو لێكۆڵه‌ری‌ ده‌بێت سه‌یر بكرێت، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی‌ وا به‌ناو هه‌موو چین‌و ته‌مه‌نه‌كاندا گه‌شتی‌ نه‌كردبێ‌‌و ئاسته‌ جۆربه‌جۆره‌كانی‌ تاقی‌ نه‌كردبێته‌وه‌ بۆ دڵنیایی‌ له‌خۆیه‌وه‌ ده‌ستپێناكات.

ئه‌گه‌رچی‌ خۆی‌ له‌وپه‌ڕی‌ ئازاره‌كانه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، چینی‌ پیرانی‌ دواكه‌وتوو ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌س بیر له‌مردن ده‌كه‌نه‌وه‌‌و هیچ له‌سه‌ربه‌ستی‌ بیروڕاو سه‌ربه‌خۆیی‌ ناده‌ن به‌گوێی‌ كه‌سدا، خۆیشیان گوێ‌ له‌و بۆچوونانه‌ ناگرن، بۆیه‌ موفتی‌ پشت به‌چینێكی‌ فره‌ تازه‌پێگه‌یشتووی‌ وڵات ده‌به‌ستێت كه‌ مێشكیان ساف‌و دڵیان گه‌رم‌و هه‌ستیان پرشنگ هاوێژه‌، جڵه‌وی‌ به‌ڕێوه‌بردن‌و چاره‌نووسی‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت. شاعیر له‌مباره‌یه‌وه‌ جوانی‌ فه‌رمووه‌و ده‌ڵێت:

خوایه‌ بۆمان بنێری‌ ئاوێ‌ له‌قوڕ نه‌نیشتوو
یا گه‌نجی‌ پێگه‌یشتوو یا پیری‌ تێگه‌یشتوو

میله‌تی‌ خودا پێداو به‌و دوو چینه‌ چاوی‌ ئاوات‌و ویژدان هه‌ڵدێنێ‌، چونكه‌ پیره‌ به‌هره‌مه‌نده‌كان بناغه‌دانه‌ری‌ بیرۆكه‌ی‌ لاوه‌ خۆبه‌خشه‌كانن:
هه‌موو فێڵ‌‌و قوماربازیت ده‌بێت یه‌كسه‌ر به‌یانی‌ كه‌م
ئه‌گه‌ر سه‌د ده‌فعه‌ ماچی‌ كه‌ی‌ قوڕی‌ ژێر كه‌وش‌و داوێنم

موفتی‌ وتوویه‌تی‌ "مه‌رج نییه‌ ئه‌وانه‌ی‌ خاوه‌ن ته‌كیه‌‌و خانه‌قان، هه‌موو دڵسۆزو خاوه‌ن ئه‌زموونی‌ هاوكاری‌‌و نیشتمانپه‌روه‌ری بن، مه‌رج نییه‌ ئه‌وانه‌ هه‌موویان په‌یڕه‌وی‌ كاری‌ فه‌رمووده‌ی‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ)بن".

موفتی مه‌به‌ستی‌ له‌و به‌ناو گه‌ورانه‌یه‌ كه‌ هاونیشتمانیان ده‌ڕوتێننه‌وه‌، خۆشباوه‌ڕان له‌خشته‌ ده‌به‌ن، گوایه‌ به‌هه‌شتیان بۆ مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن. وه‌ك له‌قورئاندا هاتووه‌ خودای‌ گه‌وره‌ سه‌یری‌ سه‌رو سیمامان ناكات، به‌ڵكو سه‌یری‌ نیه‌تی‌ دڵ‌‌و ده‌روونمان ده‌كات. موفتی‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا فێڵ‌‌و ته‌ڵه‌كه‌بازی‌ به‌شێك له‌وانه‌ شاره‌زا بووه‌.

لێره‌دا دوو جۆر غیره‌تی‌ به‌كارهێناوه‌، غیره‌تی‌ جه‌سته‌یی‌‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌. دووه‌م غیره‌تی‌ قه‌ڵه‌م‌و ڕووهه‌ڵماڵین. ئه‌مه‌ش كرده‌و دروشمی‌ شاعیری‌ گه‌له‌:

ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌هلی‌ دینی‌، خوێنی‌ عاله‌م بۆ ئه‌كه‌ی‌ نۆشت
وه‌ره‌ سه‌یری‌ دڵی‌ من كه‌ كه‌ چه‌نده‌ پاك‌و خاوێنم


وشیاری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ لای‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌

موفتی‌ پێنجوێنی‌ له‌و شاعیرانه‌یه‌ كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ دیوانه‌كه‌ی‌ تایبه‌ته‌ به‌نه‌ته‌وه‌، یان ده‌توانین بڵێن هه‌موو دیوانه‌كه‌ی‌ له‌خزمه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یدا بووه‌، ئه‌مه‌ش به‌و ده‌لیله‌ی‌ كه‌ جگه‌ له‌شیعره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ كه‌ به‌ڕوونی‌ هه‌ستی‌ پێده‌كه‌ین، له‌شیعره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئه‌و شیعرانه‌ی‌ بۆ كوڕوكچانی‌ كوردی‌ نووسیوه‌، یان ئه‌و شیعرانه‌ی‌ وه‌ك وه‌سێتنامه‌ بۆ كچ‌و كوڕانی‌ خۆی‌ نووسیوه‌، یان به‌جوانی‌ سروشتی‌ كوردستاندا وتویه‌تی.

له‌تێكڕای‌ ئه‌مانه‌دا هه‌ستێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ په‌نهان ده‌خوێنینه‌وه‌و كه‌ هانی‌ كوڕو كچانی‌ كورد ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان به‌زانست‌و زانیارییه‌وه‌ خه‌ریك بكه‌ن ئه‌مه‌ له‌پێناو نه‌ته‌وه‌كه‌دایه‌و هاوكات كه‌ بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش ده‌خاته‌ به‌رباس بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ سه‌رفرازبكات‌و هه‌وڵی‌ نوێبوونه‌وه‌و گۆڕان بدات تێیدا. با سه‌رنج له‌م نمونه‌یه‌ی‌ شیعری‌ موفتی‌ بده‌ین:

ئه‌ی‌ وه‌ته‌ن من تێئه‌گه‌م بۆ شین‌و زاری‌ كارته‌
بۆ نه‌بوونی‌ عیلمی‌ به‌رزی‌ گه‌وره‌و سه‌ردارته‌
ئاخ‌و داخ‌و ئاهی‌ سه‌ردی‌ تۆ سه‌به‌ب ئه‌م دوانه‌یه‌
خۆ په‌سه‌ندیی‌‌و غایه‌ ویستی‌ گه‌وره‌كانته‌


موفتی‌ شاعیرێكی‌ ئاگاداربووه‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ خۆی‌‌و كه‌سێكی‌ بێئاگا نه‌بووه‌ له‌پێشكه‌وتنه‌كانی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ جیهان، بۆیه‌ نه‌ك ته‌نها له‌م شیعره‌دا، به‌ڵكو له‌زۆر شیعری‌ تریشدا ئه‌م بابه‌ته‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ به‌رچاوی‌ هه‌بووه‌و له‌شیعرێكدا به‌ناوی‌ (سۆز) كه‌ شیعرێكی‌ پێنج خشته‌كییه‌ موفتی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م كورده‌ هه‌ر خه‌وتووه‌و بێدا نابێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگات به‌زانست‌و وشیاربێته‌وه‌... ئه‌و ده‌نووسێت:

كورده‌ خه‌و تاكه‌ی‌ ده‌سا ده‌ستی‌ من‌و دامانته‌
وه‌ختی‌ هوشیاریته‌ خه‌و زنجیری‌ ئه‌ژنۆو ڕانته‌
دوژمنت دایم خه‌ریكی‌ موڵك‌و ماڵ‌‌و گیانته‌
حه‌یفه‌ تۆ فكرو خه‌یاڵی‌ گه‌ردش‌و سه‌یرانته‌
رۆژی‌ تێكۆشین‌و هه‌وڵ‌‌و كاتی‌ هه‌ڵسوڕانته‌

ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كام له‌و شاعیرو نووسه‌رانه‌ بوونه‌ته‌ مێژوونوسێكی‌ ڕاستبێژی‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ی‌ خۆیان، كه‌ من پێموایه‌ موفتی‌ له‌پاڵ‌ چه‌ند شاعیرێكی‌ وه‌ك نالی‌‌و سالم‌و كوردی‌‌و بێكه‌س‌و ئه‌حمه‌د موختار جاف‌و پیره‌مێردو قانیع‌و...هتد شایه‌نی‌ ئه‌و نازناوه‌یه‌و ئه‌وه‌شی‌ ئه‌م شاعیره‌ی‌ خستووه‌ته‌ په‌راوێزه‌وه‌ ڕۆژگاره‌ كه‌ نه‌یهێشتووه‌ ئاوڕی‌ جدی‌ لێبدرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و پێنج خشته‌كییه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ به‌راورد بكه‌ین به‌به‌یتێك شیعری ئه‌حمه‌د موختار جاف كه‌ ده‌ڵێت:

له‌خه‌و هه‌ستن دره‌نگه‌ میلله‌تی‌ كورد خه‌و زه‌ره‌رتانه‌
هه‌موو تأریخی‌ عاله‌م شاهیدی‌ فه‌زڵ‌‌و هونه‌رتانه‌

له‌به‌راوردكردنی‌ ئه‌م دوو شیعره‌دا ئه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ هه‌ردوو شاعیر ده‌یانه‌وێت نه‌ته‌وه‌كه‌یان به‌خه‌به‌ر بهێنن‌و به‌ره‌و عیلم زانست هه‌نگاو بنێت، به‌ڵام جیاوازی‌ ئه‌م دوو به‌یته‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر سه‌رسه‌ختانه‌ سه‌ركۆنه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ ده‌كات‌و هیچ زانست‌و هوشیارییه‌كیان تێدا نابینێت، به‌ڵام ئه‌حمه‌د موختار جاف ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ مێژووی‌ جیهان گه‌واهیده‌ری‌ به‌رزی‌ هونه‌ری‌ ئێوه‌یه‌




شاره زوورپۆست بنێره بۆ هاوڕێکانت ئه‌م لاپه‌ره‌ کۆپی بکه‌ شاره زوورپۆست بکه به ده ستپێک
مافی پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی
www.Sharazurpost.com
Copyright 2010-2012  Sharazurpost.Com. All rights reserved. Created by | Webmaster